close-icon

چوونەژوورەوە

یادداشتێکی کورت دەربارەی کورتە فیلمی ئەو دیو دەرگای ماڵە بەرزەکان

12750 جار بینراوە

یادداشتێکی کورت دەربارەی کورتە فیلمی ئەو دیو دەرگای ماڵە بەرزەکان
ئیدریس عەبدی
ئەو دیو دەرگای ماڵە بەرزەکان کورتە فیلمێکی پێنج دەقەیی دەرهێنەر هاوکار ساڵحە و بە شێوەی سێکانس پلان بەرهەم هاتووە.باس لە ژیانی کوڕێکی سەڵت ئەکات و بە تەنها لە شوقەیەک ژیان ئەکات.بڕیارە وایە لە پێنجەمین فێستیڤاڵی نیودەوڵەتی سلێمانی نەمایش بکرێت. ئەگەر شیکردنەوەیەک بۆ ئەم فیلمە بکەم ئەتوانم بڵێم لە ڕوانگەی بەرهەمهێنانەوە فیلمێکی سادەیە و زۆر مینی ماڵیستی لە گەڵ سناریۆی فیلمەکە (چیرۆکێکی سادەمان بۆ ئەگێرێتەوە) هەڵسووکەوت کراوە.بە واتایەکی دیکە سادەیی هەموو پانتایی فیلمەکەی چ لە ناوەڕۆک و چ لە فۆرمەوە تەنیوە.لە ژێر مەتنی سناریۆی ئەو دیو دەرگای ماڵە بەرزەکان باس لە نیولیبراڵیزم ئەکات.نیولیبراڵیزمێک کە هەموو هەرێمی کوردستانی تەنیوە.ژیانی مرۆڤەکانی تەسک کردوەتەوە و بەربەستی گەورەی لە نێوان پێوەندی مرۆڤەکان درووست کردووە.کوڕێکی گەنج لە شوقەیەک ژیان ئەکات و زێرئاوی شوقەکە گیراوە و گەن و گو بەربووەتە شوقەکەی و ئەیەوێت لە دەست ئەم بۆگەنە ڕزگاری بێت.لە لایەکی دیکەشەوە کچە هاوڕێکەی تەلەفۆنی بۆ ئەکات ئەیەوێت سەردانی بکات.لێرەدایە کوڕەکە هەنگاوەکانی بۆ چارەسەر کردنی کێشەی زێرئاوەکە چڕتر ئەکاتەوە و لە کۆتاییدا کێشەکەی چارەسەر ئەبێت تەقەی دەرگا دێت.کوڕەکە ئەیەوێت دەستی بشوات و ئاوێک بکات بە توالێت و حەمامەکە بەڵام ئەبینێت ئاو نییە.پێشووتریش لە دیمەنێکدا کە موبایلەکەی ئەکەوێتە ناو زێرئاوەکە ئەروات لەب تۆبەکەی هەڵ بکات بۆ ئەوەی لە گەڵ کچە هاوڕێکەی قسە بکات و بیگەیەنێت بە قەناعەت کە سەردانی نەکات بەڵام لەب تۆبەکەی شەحنی نییە کاتێک ئەیەوێت لەب تۆبەکەی شەحن بکات کارەبا ئەبرێت.کوڕەکە ناچار ئەبێت هەندێک سپرای بە ناو شوقەکەیدا بپاشێت بۆ ئەوەی بۆگەنەکە بروات کە ئەروات دەرگا ئەکاتەوە ئەبینێت کچە هاوڕێکەی نییەو کارمەندی شوقەیە و بۆ کۆ کردنەوەی پارەی خەدەمات سەردانی شوقەکان ئەگات. ئەمە خۆی یەکێک لەو دەرئەنجامانەیە کە نیولیبراڵیزم لەم وڵاتە بەرهەمی هێناوە و پارەی خەدەماتێکت لێ وەرئەگرن کە هیچ کات بوونی نییە. زۆر بە ڕاشکاوی ئەیڵێم گیرانی زیرئاوا ئەتوانێت تەعبیرێک بێت لەوەی کە نیولیبراڵیزم ژیانی مرۆڤەکانی گواوی کردووە.
هاوکار ساڵح تا ڕادەیەکی زۆر بە ئارت دایرکشنی ناو شوقەکە، کاراکتەری فیلمەکەمان پێ ئەناسێنیت.کاراکتەرێک کە ئەکتەر و هونەرمەندانی هۆلیوودی دورووبەریان تەنیوە و بە جۆرێک لە ژێر کاریگەری ئەو سیستەمەیە کە هۆلیوود بەرهەمی هێناوە.
لە ڕۆانگەی فۆرمییەوە هاوکار ساڵح کەمترین ڕۆڵی بە مۆنتاژ داوە و هەوڵیداوە بە هەڵبژاردنی فۆرمێکی گۆنجاوە و بە کار نەهێنانی تەکنیکی ئاڵۆز هەستی واقیعیەت لە فیلمەکدا نەکۆژێت و لە سێکانس پلانێکدا بە بێ دابڕان بەردەنگ لە گەڵ خۆی ڕابکشێت.
سابژێکتیڤ بوونی کامێرا، هەستی ئەڵۆزی کاراکتەرەکەی زۆرتر کردووە و هەندێک جار بە لە جووڵەکەوتنی کامێرا و میزانسن هەوڵئەدات، ڕیتمی فیلمەکە ڕابگرێت.
پێکهاتەی سناریۆی کورت ئەم سێ بەشەی هەیە: 1: کێشەی سەرەتایی یان بارودخی سەرەتایی کە لە فیلمی ئەو دیو دەرگای ماڵە بەرزەکان بە درووستی ڕەچاو ئەکرێت و هەر لە سەرەتاوە کێشەکەمان پێ ئەناسێنیت و هاوکات لەگەڵ ناساندنی کێشە کاراکتەری فیلمەکەمان بەرە بەرە پی ئەناسێنیت.2- ململانێی کە لە فیلمی ئەو دیو دەرگای ماڵە بەرزەکانی ئەبینین هێشتا کێشەی زیرئاوەکە چارەسەر نەکراوە کێشەیەکی دیکەی بۆ درووست ئەبێت.ئەویش ئەوەیە کچە هاوڕێکەی تەلەفۆنی بۆ ئەکات کە بێت دەردانی بکات ئەمە هۆکارێکە بۆ ئەوەی لەگەڵ زیرئاوەکە و کچە هاوڕێکەی بکەوێتە ملمانێک تا هەر دووکیان چارەسەر بکات و باری دراماتیکی فیلمەکە زۆرتر ئەکات.3-شۆک و چارەسەری کۆتایی کە دیسان لە کورتە فیلمی ئەو دیو دەرگای ماڵە بەرزەکان بە باشی ڕەچاو کراوە. لە کۆتاییدا کاتێک تەقەی دەرگا لێ ئەدرێت و دەرگاکە ئەکاتەوە ئەبینێت کە کچە هاوڕێکەی نییە و کارمەندی خەدەماتی شوقەکەیە.
هاوکار ساڵح نەیویستووە کە چارەسەری کێشەی کاراکتەرەمان بە تەواەتی نیشان بدات و وەکوو فیلمەکانی شەپۆلی نوێ بە کۆتایی کراوە پێمان ئەڵێت کە تا ئەم سیستەمە زاڵ بێت بە سەر کۆمەڵگا کێشەکانی چارەسەر نابێت.