close-icon

چوونەژوورەوە

هۆشەنگ میرزایی سینەماکار، کۆچی دوایی کرد

6977 جار بینراوە

     سینەماکاری کورد (هۆشەنگ میرزایی) لە ساڵی ١٩٧٢ لە دایک و باوکێکی کورد کە  خەڵکی پشت کێوی والی ئیلامن، لە  شاری کووەدەشت سەر بە پارێزگای لوڕستان لە دایک بووە، ناوی دایکی نوسرەت و ناوی باوکی ڕەزایە، خێزاندارە و لە زانکۆی دەنگ و دیمەنی تاران سینەما بەشی دەرهێنەری تەواو کردووە و هاوپۆلی بەهمەنی قوبادی بووە، وەک خۆی ئاماژەی پێکردووە لە ساڵی (١٩٩٠)وە بە فیلمە هەشت میلیمەتریەکانەوە دەستی پێکردووە.
      هۆشەنگ زیاتر لە بەشی دەرهێنان و مۆنتاژ و نووسینی بەڵگە فیلمدا چالاک بووە و وەکو یەکێک لە بەڵگە فیلمسازە ناودارەکانی سینەمای کوردستان ناسراوە و تا ئەمڕۆ نزیکەی سی بەرهەمی کورتی هەیە و سێ بەرهەمی بڵندی دروست کردووە کە زۆرینەیان کوردین و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروستکراون، لەوانە (ڕووناک، شتێک شێوەی چاوەکانت، لەگەڵ خوا هەڵپەڕکێ دەکەم، ژین، نووش، دایەگەورە) و هتد...
     بەرهەمەکانی دەرهێنەر لە چەندین فێستیڤاڵی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەشدار بوون، لەوانە (تامپرێ، هات داکس، سینەما دۆڕیلی فەڕەنسا، فێستیڤاڵی فیلمی تۆرێنتۆ، شێفیڵد، کڕاڵا) وە چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە، لەوانە خەڵاتی باشترین فیلمی کورتی بۆ فیلمی "شتێک شێوەی چاوەکانت" لە ئانجۆپۆلۆس وەرگرتووە، خەڵاتی بینەرانی لە فێستیڤاڵی میراداس داک ئیسپانیای بۆ فیلمی "لەگەڵ خودا هەلپەڕکێ دەکەم"، خەڵاتی نۆیەمین خولی خەڵاتی کۆرتۆئیمۆلای بۆ فیلمی "ڕووناک"، خەڵاتی لیژنەی بیست و چوارەمین خولی فێستیڤاڵی تووس کۆرتەی ئیسپانیا بە دەست هێناوە و لە فێستیڤاڵە کوردییەکانیش وەک دهۆک و سلێمانی، فیلمی کوردی لەندەن دەیان خەڵاتی بەدەست هێناوە.
     جیا لە سینەماش وەکو نیگارکێش و وێنەگر گەلێک بەرهەمی هەیە و هەروەها هزر و ڕامانێکی کۆڵنەدەری هەبووە و زۆرجار بەرەنگاری خاوەن دەسەڵاتدارانی ئێران بووتەوە و ناڕەزایەتی خۆی بەشێوەی جۆراوجۆر دەربڕیوە.

     میرزایی لە بەرواریی (٢٠٢١/٣/١٢) دوای زیاتر لە بیست ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە بە پەتای کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی فەرهیختەگان لە تاران کۆچی دوایی کرد.